Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

کەنیسەى کلدانى لە عێراق و جیهان، پیرۆزبایى لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەکات

2019-08-07T09:12:41.000000Z
هه‌واڵ

نیافەتى پارتریارکى کاردینال بەڕێز لویس ڕافائێل ساکۆ، سەرۆکى کەنیسەى کلدانی لە عێراق و جیهان، پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست.

لە دیدارێکدا لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پارتریارکى کاردینال بەڕێز ساکۆ و شاندێکى یاوەرى کە لە ئەسقوفەکانى کەنیسەکە و نوێنەرانى ئەبرشییە کلدانییەکان لە عێراق و جیهان پێکهاتبوون، تیشکیان خستە سەر دۆخى کلدانییەکان بەتایبەتى و مەسیحییەکان بەگشتى لە عێراق و هەرێمى کوردستان و ناوچەکە و جیهان.

لە دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 7/8/2019 لە هەولێر بەڕێوە چوو، بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان و شاندى کەنیسەى کلدانى لە عێراق و جیهان کە بەمەبەستى کۆبوونەوەى ساڵانەیان لە هەولێرن، جەختیان لە گرنگیى پێکەوەژیان و لێبوردەیى لە هەرێمى کوردستان و عێراق و دابینکردن و پاراستنى مافەکانى هەموو پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکان کردەوە.