Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

په‌يامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ ڕۆژى جيهانيى كرێكاران

2020-04-30T18:16:27.000000Z
لێدوان

بە بۆنەی یادی یەكی ئایار، ڕۆژى جیهانیی كرێكارانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە كرێكارانی كوردستان و سەندیكا و ڕێكخراوەكانیان، هەروەها پیرۆزبایی لە تێكڕای كرێكارانی عێراق و جیهان به‌گشتى دەكەم.

كرێكارانی كوردستان بازووی ماندوونەناس و كاران و ڕۆڵێكی ديارى بنیادنەرانە لە ئاوەدانكردنەوەی وڵاتدا ده‌گێڕن كه‌ هەمیشە بەرچاو و جێی ڕێز و پێزانینە. لەم یادە پیرۆزەدا، ته‌واوى پشتیوانيی خۆمان بۆ ماف و داوا یاسایی و سەندیكاییيە ڕەواكانیان، گوزەرانی شایستە و هەلومەرجی لەباری كاركردنی كرێكاران و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ ئەو چینە زەحمەتكێشە و تەواوی خەڵكی كوردستان، دووپات دەكەینەوە.

هيوادارين وڵاتەكەمان و جیهان هەرچی زووترە لە قەیران و كێشه‌كانى ده‌رهاويشته‌ى په‌تاى كۆرۆنا دەرباز ببن كە بەداخەوە كاریگەریی خراپی لەسەر ڕەوشی ژیانی هەمووان و بەتایبەتى كرێكاران و ڕەنجدەران دروست كردوە، بەو ئومێدەی ساڵی داهاتوو لە دۆخێكی باشتردا ئەم یادە بكەینەوە.

ڕۆژى جيهانيى كرێكاران له‌ هه‌موو لايه‌ك پيرۆز بێت.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

1/5/2020