Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پیرۆزبایی جێگری سەرۆک بۆ یەکێتیی نووسەرانی کورد

2023-02-10T11:43:17.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

لە پەنجا و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد، پیرۆزباییەکی گەرم لە مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد و ئەندامانی و گشت نووسەر و ڕۆشنبیران و ئەدیبانی کوردستان دەکەم، سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو شەهیدانە دادەنوێنین کە لە ڕێگای قەڵەمە بوێر و نووسینەکانیانەوە گیانیان پێشکەش بە کوردستان کرد.

دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد بەر لە نیو سەدە پێویستییەکی گرنگی ئەوسا بوو بۆ پاراستن و برەودان بە زمان و ئەدەب و کولتووری کوردی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنفکر و پێشکەوتوو، لە هەمان کاتدا پاڵپشتییەکی باش و وەرچەرخانێکی زێڕین بوو بۆ شۆڕش و خەباتی شاخ.

هیوادارم مەڵبەندی یەکێتیی نووسەرانی کورد پێگەیەک بێت بۆ بەرەوپێشچوونی گیانی نیشتیمانپەروەری و پێگەیاندنی نووسەری ڕاستەقینە و بە ئەزموون لە پێناو داکۆکیکردن لە زمان و ناسنامە و کولتووری جوانی کوردستان و دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی نوێی کوردی، چونکە ئێمە گەلێکین لە پێناو داکۆکی لە خەباتی پڕ سەروەری و شۆرشگێڕی و ئازادی و مافی گەلی کورددا خوێنی دەیان کەسانی ڕۆشنبیر و ئەدیب و قەڵەم بە دەستی بوێرمان لە دەست داوە.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٢٠٢٣/٢/١٠