Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پیرۆزباییی جێگری سەرۆک لە یادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا

2022-04-22T08:03:02.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

لە یادی (١٢٤) ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم میدیاکار و ڕۆژنامەنووسان دەکەم، هیوادارم وەک چۆن هەمیشە لە مەیدانی خەبات و بوێریدا قەڵەمەکانتان دەرخەر و گەواهیدەری ڕاستیەکان بووە، ئاواش بێ سڵەمینەوە بەردەوام بن لە گوتنی ڕاستییەکان و دوور بن لە کاری شێواندن و ئەو دەربڕینانەی کە نامۆیە بە کاری ڕۆژنامەگەری.

بێگومان کاری ڕۆژنامەگەری ئەرکێکی قورسە بۆ هەموو ئەو ڕۆشنبیر و قەڵەمبەدەستانەی کە مەبەستیانە بەرپرسیارانە و پیشەییانە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و نێودەوڵەتییەکاندا کاری ڕۆژنامەگەری بکەن، لە هەمان کاتدا دەبێت کاری ڕۆژنامەگەری بواری زیاتری بۆ بڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسان بتوانن بە ئاسانی زانیارییەکانیان دەست بکەوێت لەپێناو گەیاندنی ڕاستی و دروستیی بابەتەکان و هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگەدا، دوور لە ململانێ سیاسییەکان و بەرتەسککردنەوەی کاری ڕۆژنامەگەری.

لەم بۆنەیەدا هەموو پشتگیرییەکمان بۆ کاری ڕۆژنامەوانی و ئەو ئازادییەی کە فەراهەم کراوە بۆ پێشخستنی کاری ڕۆژنامەگەری، دووپات دەکەینەوە لە سۆنگەی ئەو بیروباوەرەی کە هەمانە بەرامبەر بە ئازادیی ڕادەبڕین لە چوارچێوەی ئەو یاسا ڕۆژنامەگەرییانەی کە لە کوردستاندا هەیە.

سڵاو لە گیانی پاکی سەرمەشقی یەکەم ڕۆژنامەی کورد میر میقداد مەدحەت بەدرخان و هەموو ئەم ڕۆشنبیر و خاوەن قەڵەمە بوێرانەی کە گیانی خۆیان کردە قوربانی لە پێناو دەرچوون لەژێر حوکمی زوڵم و ستەم و تاریکی و گەیشتن بە کیانێکی سەربەخۆ و کوردستانێکی ئارام.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

٢٠٢٢/٤/٢٢