بەبۆنەی ڕۆژی هەشتی مارسهوه کە ڕۆژی جیهانیی ژنانە، پیرۆزباییەکی گەرم لە گشت ژنانی جیهان و کوردستان بەتایبەتی دەکەم. هەشتی مارس ڕێزگرتنە لە خەبات و ماندووبوونی ژنان لەپێناو نەهێشتنی زوڵم و ستەم و چەوساندنەوە و چەسپاندنی یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا.
مێژووی کورد پڕیەتی لە چیرۆکی بوێریی ژنانی تێکۆشەر کە نە کونجی زیندان و نە لەسێدارەدان کۆڵی پێنەداون، هەمیشە سیمبول و نموونەی ئازایەتی و بەرخودان بوونە لە گشت قۆناغە جیاجیاکانی ژیاندا، بۆیە بەس نییە خەبات و تێکۆشانیان تەنها لە بۆنەیەکدا بە وتار پێشکەش بکرێت، بەڵکوو دەبێت بواری زیاتریان بۆ بڕەخسێنرێت و بەشداری کارا بن لە ناوەندەکانی بڕیاردان و دامەزراوەکانی حکوومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، چونكە ژنان هەمیشە بوونەتە قوربانیی ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی کە لە ناوچەکە بە درێژایی مێژوو ڕوویان داوە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیان و دۆخی ژیانیان دروست بووە، وەک ئاسەواری جەنگ، قەیرانی سیاسی و ئابووری...هتد
ئەرکی سەر شانی هەموومانە ببینە سەرمەشقی داکۆکیکردن له ڕهتکردنهوهی ئەو توندوتیژییانەی دەکرێتە سەر ژنان لەژێر هەر پاساوێک بێت، هەروەها دەبێت زیاتر ڕێز لە ماف و ئازادی و تواناکانی ژنان بگیرێت بۆ ئەوەی ببن بەو وێنە ڕاستەقینەیەی لەناو کۆمەڵگەدا کاریگەرییان هەیە، چونکە ژنانی بەتوانا و خاوەن ئەزموون لە دونیای ئەمڕۆدا نیشاندەری ئەو واقیعەن، بیرکردنەوە و ئاستی هۆشیارییان لە ئاستێکدایە كە دەتوانن شانبەشانی پیاوان کار بکەن لە زۆربەی ئەو بوارانەی وێنایەکی سەرکەوتوو دەبەخشن بە پرۆسەی بەردەوامبوون و ئیدارەدانێکی سەرکەوتوو لە گشت جومگەکانی بەڕێوەبردنی ژیاندا.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٨ ی مارسی ٢٠٢٢