Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی پیرۆزبایيی جێگری سەرۆک لە ڕۆژی ٨ی مارسدا

2024-03-08T08:28:43.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

لە یادی ٨ی مارسدا، کە ڕۆژی جیهانی ژنانە، پیرۆزباییيەکی گەرم ئاراستەی سەرجەم ژنانی جیهان و ژنانی کوردستان بەتایبەتى دەکەم، هیوای سەرکەوتنیان لە سەرجەم کایەکانی ژیاندا بۆ دەخوازم.

بە شکۆوە ئەو یادە دەکەینەوە و ڕێز لە خەبات و ماندووبوونی ژنان دەگرین، چونکە پێگە و ناوبانگی ژن لە کۆمەڵگای پێشکەوتوودا، نیشاندەری ئەو ئاوێنە ڕاستەقینەیە کە شێوەی ژیان و بیرکردنەوە و ئاستی هۆشیاری تێدا ڕەنگ دەداتەوە. لە مێژووی ناوچەکەماندا هەمیشە ڕۆڵ و پێگەی ژنانی کورد دیار بووە و ئازایەتی و بیرکردنەوەکانیان کردۆتە هەوێنی بەرەوپێشچوونی کارەکانیان، هەروەها ڕۆڵ و خەباتی نەپساوەیان لە شاخ و شاردا دەرخەری ئازایەتیان بووە.

پێویستە لە چوارچێوەی ئەو یاسایانەدا کەوا مافی مرۆڤی تێدا پارێزراوە، هەوڵی بنبڕکردنی کولتووری توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان بدرێت، لەپێناو چەسپاندنی بنەماکانی یەکسانی و لێبووردەیيی ناو خێزان و کۆمەڵگەدا، چونکە ژنان هەمیشە بوونەتە قوربانيی ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی کە لە ناوچەکەدا بە درێژایی مێژوو ڕوویانداوە و کاریگەريی نەرێنی لەسەر ژیان و بارودۆخی ژیانیاندا دروستبووە، وەک ئاسەواری جەنگ، قەیرانی سیاسیی و ئابووری و ...هتد.

شکۆدار بێت هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانيی ژنان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

٨ی مارسی ٢٠٢٤