Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سه‌رۆکی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێکی سەربازیی هەنگاریا کرد

2022-08-29T10:43:37.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٨/٢٩ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە به‌ڕێز کۆڵۆنێل ژۆڵت لاوکۆ، فەرماندەی هێزی سەربازیی هەنگاریا و شاندێکی یاوەری کرد، کە بەمەبەستی ماڵئاوایی و تەواوبوونی ئەرکەکەی، سەردانی بەڕێز جێگری سەرۆکی هه‌رێمی كوردستانی کردبوو.

لە دیدارێکدا کە به‌ڕێز رائد گابور سووچ، فەرماندەی نوێی هێزی سەربازیی هەنگاریا ئامادە بوو، بەڕێز جێگری سەرۆک، سوپاسی ئەرک و کارەکانی به‌ڕێز کۆڵۆنێل ژۆڵت لاوکۆی لە ماوەی كاركردنی لە هەرێمی كوردستاندا کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوودا بۆ خواست، هه‌روه‌ها پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە رائد گابور سووچ کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و ڕۆڵی سەربازیی هێزەکانی هەنگاریاشی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشی لە ناوچەکەدا، بەرز نرخاند.

لای خۆیانەوە شاندی میوان سوپاسی پاڵپشتی و هاوكاریی لایه‌نه‌ پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانیان له‌ كار و چالاكییەكانیان كرد و جەختیان لە بەردەوامیی پەیوەندیی وڵاتەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە، هیوایان خواست کە ناوچەکە ئارامیی و سەقامگیریی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.