Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

فه‌وزى هه‌ريرى به‌شدارى له‌ يادى كۆچى دواييى خاتوو ميتير‌اندا ده‌كات

2021-11-27T15:43:29.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2021/11/27 به‌ڕێز فه‌وزى هه‌ريرى، سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له‌ ڕێوره‌سمى يادى ده‌ ساڵه‌ى كۆچى دواييى خاتوو دانيال ميتيران، دۆستى گه‌لى كوردستاندا كرد كه‌ له‌ شارى كلۆنى له‌ فه‌ره‌نسا شوێنی بەخاکسپاردن و شاری گەورەبوونی خاتوو ميتيران به‌ڕێوه‌ چوو.

ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ له‌لايه‌ن فیدراسیۆنی دانیال میتيران و فرانس لیبێرتێوه‌ ساز كرا و تيايدا به‌ڕێزان جیلبێرت میتيران کوڕی خاتوو ميتيران، د. عه‌لى دۆله‌مه‌رى نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ فه‌ره‌نسا، نوێنەری ئەو گرووپ و نەتەوانەی لە چالاکیيەکانی خاتوو میتيران سوودمەند بوون، له‌گه‌ڵ چەند سیناتۆر و پەرلەمانتارێکی فەرەنسی و نوێنەری ئەو په‌نابه‌ره‌ کوردانه‌ی كۆتاييى هه‌شتاكان لە کەمپی ماردینەوە لەلایەن خاتوو میتيرانه‌وه‌ گوازرانه‌وه‌ بۆ فەرەنسا، به‌شدار بوون.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، وێڕاى دانانى تاجه‌گوڵينه‌ له‌سه‌ر گۆڕى خاتوو ميتيران، به‌ڕێز فه‌وزى هه‌ريرى، سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، وته‌يه‌كى پێشكه‌ش كرد، تيايد باسى له‌ ڕۆڵى خاتوو ميتيران له‌ به‌رگريكردن له‌ گه‌لى كوردستان و دۆستايه‌تيى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌يه‌تى:

هاوڕێیانی بەڕێز..

خانمان و بەڕێزان..

ڕۆژتان باش..

وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان ـ عیراق، مایەی شانازییەکی زۆرە بۆ من کە لە یادی دە ساڵەی کۆچی دوایيی خاتوو دانیال میتيران، داکۆکیکاری ڕاستەقینەی مافی مرۆڤدا ئاماده‌م. ئه‌و مرۆڤه‌ى هەموو ژیانی خۆی بۆ بەرگریکردن لە ستەملێکراوان تەرخان کرد.

لێرەدا دەمەوێ سڵاوی جه‌نابى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و خه‌ڵكى كوردستانتان پێ بگەیەنم. یادکردنەوەی مەدام میتیران، ڕێزگرتنە لە خەبات و کۆشش و هه‌وڵى مرۆڤدۆستانه‌ى، بۆ داکۆکیکردن لە بەها مرۆیی و ئەخلاقیيەکان.

هاوڕێیانی خۆشەویست..

ئێستا لە زۆر شاری هەرێمی کوردستان قوتابخانە و شەقام بە ناوی خاتوو دانیال میتیرانەوە هەن. خەڵکی کوردستان وەک ئەمەکداری بۆ ئەم خانمە مەزنە، بە (دایکی کورد) ناویان دەبرد. ئه‌و به‌ ڕاستى دايكايه‌تى بۆ هه‌موو خه‌ڵكى کوردستان كرد به‌ هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانييه‌كانه‌وه‌ بەبێ جیاوازی.

سەرەتای هەشتاکان، ئەو دەمەی تا ڕاددەیەکی زۆر خەڵکی ئەورووپا ئاگاداری کێشەی کورد نەبوون، خاتوو میتيران هه‌وڵێكى زۆری دا بۆ ڕاکێشانی سەرنج بۆ سه‌ر کێشەی کورد، بەتایبەتى دواى کیمیابارانكردنی هەڵەبجە له‌ ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن ڕژێمى ئه‌وساى عیراقەوە.

ساڵى 1991 خاتوو ميتيران هانى هاوسه‌ره‌كه‌ى، سەرۆک فرانسوا ميتيرانى دا بۆ پاراستنى خه‌ڵكى كوردستان، ئه‌وه‌ بوو له‌ ئه‌نجامى هه‌وڵه‌كان و ده‌ستپێشخه‌ريى فه‌ره‌نسا بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ده‌رچوو.

ئه‌و بڕياره‌ گه‌لى كوردستانى له‌ سته‌م و هێزى سه‌ربازيى سه‌دام پاراست و دواتر ناوچه‌ى نه‌فڕين و نه‌واى ئارام به‌ هاوكاريى فه‌ره‌نسا، ئه‌مه‌ريكا، به‌ريتانيا و چه‌ند وڵاتێكى ديكه‌ هاته‌ ئاراوه‌. هاريكاريى مرۆيى و ئه‌منى بۆ گه‌لى كوردستان مسۆگه‌ر كرا، له‌ كۆتاييشدا بووه‌ بناغه‌يه‌ك بۆ دامه‌زرانى قه‌واره‌ى سياسيى ئه‌مڕۆى هه‌رێمى كوردستان له‌ عيراقى تازه‌ى فيدراڵيدا.

خاتوو میتيران ساڵی ١٩٩٢ سەردانی کوردستانی کرد و په‌رله‌مانى تازە هەڵبژێردراوى كوردستانى كرده‌وه‌. چووە ناو خەڵک و ئامۆژگاریی سەرکردەکانی كوردستانى کرد بۆ پەیڕەوکردن و بەهێزکردنی ديموكراسى و ئازادی و پێكه‌وه‌يى و ته‌بايى و يه‌كڕيزى.

خاتوو میتیران، لە دوو بۆنەی دیکەشدا، ساڵی ٢٠٠٢ و ٢٠٠٩ سەردانی کوردستانی کرد، لە هەردوو بۆنەکەشدا گەلی کوردستان بە بایەخ و ڕێزێکی زۆرەوە پێشوازییان لێکرد. لە ئاستی نێودەوڵەتی و دەرەوەشدا، خاتوو ميتيران هەموو دەرفەتێکی دەقۆستەوە بۆ بەرگریکردن لە پرسى کورد و بانگەشەى بۆ ده‌كرد.

بەڕێزان..

خاتوو میتیران یەکێکە لەو ناوە مەزنانەی کە مانایەکی جوان و پڕ مۆراڵی مرۆڤایەتییان بەخشیبێت بە مێژووی گەل و وڵاتیان و مێژووی مرۆڤایەتیش. ئەو، لە بانگەوازکەران و تێکۆشەرانی کولتوورێکە کە بەها بۆ مرۆڤ، ژیان، ئازادی، مافەکان و هەق بگێڕێتەوە. ئه‌و ڕۆڵى گه‌وره‌ى بينى له‌ پته‌وكردنى دۆستايه‌تيى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كه‌ دواتر و تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌.

دوێنێ بوو تیرۆریستانی داعش هێرشیان هێنایە سەر هەرێمی کوردستان و عیراق، کاتێک بە سەرکردایەتیی سەرۆک مەسعوود بارزانی، هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێشیان بەو هێرشە گرت، فەرەنسا لە پێشینەی وڵاتانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی بوو، له‌ پشتیوانيكردنی گەلی کوردستان.

ڕۆڵی سەرۆک ماکرۆن بۆ پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە ساڵی ٢٠١٧ و سەردانەکەی ئەمساڵی بۆ کوردستان، لای گەلی کوردستان مانا و بەهای گەورەیان هەیە و هەرگیز هەڵوێستی دۆستانەی گەل و حکوومەتی فەرەنسا لە ساتە هەستیارەکاندا، لە یاد ناکەن. ئێمە زۆر بەهای هاوبەشی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی کۆمان دەکاتەوە.

گەلی کوردستان هەرگیز خاتوو میتيرانى مەزن و هەڵوێستە دۆستانە و مرۆییەکانی لەبير ناکات. دایکی کوردستانیيان و خانمە مەزنەکەی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و مافه‌كانى گەلی کوردستان هەمیشە به‌ زیندوويى له‌ ياده‌وه‌ريى خه‌ڵكى كوردستاندا ده‌مێنێته‌وه‌.

يادى به‌ خێر و گيانى شاد.

زۆر سوپاس.