Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

فه‌ره‌نسا، جه‌خت له‌ پشتگيريى هه‌رێمى كوردستان ده‌كاته‌وه‌

2021-08-29T21:13:35.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئێواره‌ى ئەمڕۆ یەکشەممە 29/8/2021 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ نووسينگه‌ى خۆى له‌ هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان و خاتوو ڕێواز فايه‌ق سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا و شاندى ياوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا، بارودۆخی گشتيی عێراق و ناوچەکە، كۆنگره‌ى هاريكارى و هاوبه‌شى له‌ به‌غدا كه‌ دوێنێ به‌ به‌شداريى ژماره‌يه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ و به‌رپرسانى باڵاى وڵاتانى دراوسێ عيراق و ناوچه‌كه‌ و سه‌رۆك ماكرۆن به‌ڕێوه‌ چوو، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا و بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌ش، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عيراق، دۆخى سووريا و پرسى كورد له‌وێ، تاوتوێ كران.

سەرۆک ماكرۆن وێڕاى ئاماژه‌ به‌ په‌يوه‌ندييه‌ له‌مێژينه‌كانى فه‌ره‌نسا و گه‌لى كوردستان، بەردەواميی پشتگیری و هاوکاریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوه‌، هه‌روه‌ها ستايشى هه‌رێمى كوردستان و ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ و سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى لە تێکشکاندنی داعشدا کرد.

لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ستایشی پشتگیریى به‌رده‌وامى فه‌ره‌نسا له‌ هەرێمی کوردستان كرا و جه‌خت لە گرنگیی كاركردن و هەماهەنگی له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى كرايه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق بەگشتی و کێشەكانى هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عيراق بەتایبەتی، هەروەها ڕۆڵی ئەرێنيی فەرەنسا و هه‌وڵه‌كانى له‌پێناو ئاسایش و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌دا، بەرز هه‌ڵسه‌نگێنرا.

دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عيراق، گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شه‌نگال و زەمینەخۆشکردن به‌مه‌به‌ستی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو كه‌ تيايدا به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسان و به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ و نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ فه‌ره‌نسا، له‌ لايه‌نى فه‌ره‌نسيش به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسان و ڕاوێژكارانى ديپلۆماسى و سه‌ربازى و باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له‌ به‌غدا و كونسوليى گشتيى فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌شدار بوون.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش هه‌ردوو سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و ئيمانوێل ماكرۆن، له‌ لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانيى هاوبه‌شدا بۆ ڕۆژنامه‌نووسان، باسيان له‌ ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ كرد. سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى گوتى:

ئێواره‌تان باش،

خۆشحاڵین كه‌ لە هەولێر پێشوازی لە سەرۆک ماکرۆن دەکەین. به ‌ناوى گه‌لى كوردستانه‌وه‌ به‌ گه‌رمى به‌خێرهاتنی جه‌نابتان ده‌كه‌ین بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان.

جه‌نابى سەرۆک زۆر به‌ خێر بێن.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ماندا ئه‌مڕۆ باسمان لە په‌يوه‌ندييه‌كانی هەردوولا کرد، دۆخى سياسى و ئه‌منى له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عيراقمان تاوتوێ کرد. ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و پێشبينييه‌كان بۆ داهاتوو، بيروڕامان گۆڕييه‌وه‌. جه‌ختمان كرده‌وه‌ له‌ بره‌ودان به ‌په‌يوه‌ندييه‌كانمان و فراوانكردنى هاوبەشی و هاريکاری و به‌رده‌واميى پشتگيريى فه‌ره‌نسا بۆ عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا.

له‌م دۆخه‌ هه‌ستياره‌دا و له‌ كاتێكدا کە عێراق بەرەو پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی نیشتمانی دەڕوات، سه‌ردانى سه‌رۆك ماكرۆن بۆ به‌غدا و هه‌ولێر زۆر مانابه‌خشه‌ و په‌يامێكى ڕوونى به‌رده‌واميى پشتگيريى فه‌ره‌نسايه‌ بۆ پرۆسەی دیموکراسی لە عيراق و هه‌رێمى كوردستان. ئێمه‌ به‌ پێزانين و بايه‌خێكى زۆره‌وه‌ له‌م سه‌ردانه‌يان ده‌ڕوانين.

جەنابی سەرۆك، ئێوە ڕۆڵی سەرەكی و یەكلاكەرەوەتان هەبوو لە كۆكردنەوەی سەركردەكان و ئەنجامدان و سەرخستنی كۆنگرەی لووتكەی بەغدا. زۆر سوپاس بۆ ئەم دەستپێشخەرییە گرنگە و بۆ پشتگیریی جەنابتان لە عیراق. هیوادارین ئەنجامى كۆنگرەكە ببنە هۆی سەقامگیری و ئارامی بۆ عیراق و ناوچەكە بە شێوه‌یه‌كی گشتی و بە بەردەوامیی هەوڵ و پشتگیریی جەنابتان، ناكۆكی و كێشەكانی ناوچەكە، هیوادارین چارەسەر ببن.

وەک بیرهێنانەوەیەکی پێویست، زۆر سوپاسى هه‌ڵوێست و ڕۆڵى سه‌رۆك ماكرۆن ده‌كه‌م له‌ چاره‌سه‌ركردنى ئاڵۆزييه‌كانى پاييزى 2017 له‌گه‌ڵ به‌غدا و كردنه‌وه‌ى ده‌رگای گفتوگۆى سياسى و ديپلۆماسى به‌ڕووى هه‌رێمى كوردستاندا‌. به‌ هاوكاريى جه‌نابيان، هه‌ولێر و به‌غدا گفتوگۆيان ده‌ست پێكرده‌وه‌ و لێكگه‌يشتن و ئارامى دروست بوو.

ئێمه‌ له‌ عيراق پێويستيمان به ‌يارمه‌تييه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش كه‌ هێشتا له‌ عيراق و ناوچه‌كه‌ و له‌ جيهانيش، مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌. پێويستيمان به‌ يارمه‌تى بۆ چەسپاندنی سه‌قامگيرى، بۆ به‌هێزكردنى ديموكراسى و کاراکردنی دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت، بۆ چاكسازى و پێشكه‌وتن، بۆ به‌شدارى و هاوبه‌شيى پێكهاته‌كان له‌ ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنى وڵاتدا هه‌یه‌، بۆ پته‌وكردنى پێكه‌وه‌ژ‌يان و بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو پێكهاته‌كان به‌تايبه‌تى كريستيان و ئێزدييه‌كان هه‌ست به‌ متمانه‌ و دڵنيايى بكه‌ن له‌م وڵاته‌دا.

بۆیە چاومان له‌ به‌رده‌واميى كارى پێكه‌وه‌يى و پشتگيريى فه‌ره‌نسايه‌ وه‌ك هێزێكى كاريگه‌ر و ئه‌ندامى هه‌ميشه‌يى له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى كه‌ پێگه‌ و ڕۆڵێكى‌ كارا‌ى هه‌يه‌ لەسەر ئاستی جیهان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌ى تيرۆر و كاريگه‌رييه‌كانى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا.

له‌ بواره‌كانى ئابوورى و وزه‌ و بازرگانى، كولتووری، ئەكادیمی و زانستی و پێویستییەکانی دیكه‌ی وڵاتدا، عيراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌توانن هاوبه‌شێكى باشی فه‌ره‌نسا بن. كۆمپانيا فه‌ره‌نسييه‌كان ده‌توانن به‌شداريى به‌هێز بكه‌ن له ‌په‌ره‌پێدان و پێشخستنى كار و پرۆژه‌كاندا له‌ هه‌رێمی كوردستان و عیراق و ده‌توانن وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزارى بكه‌ن، لەمباره‌يەشەوە هه‌موو پشتگيرى و ئاسانكاری له‌ هه‌رێمى كوردستدا دابین ده‌كرێت.

دووباره‌ جه‌نابى سه‌رۆك زۆر به‌ خێر بێی بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق.

مێرسى.

پاشان سه‌رۆك ماكرۆن له‌ لێدوانه‌كه‌يدا گوتى:

سوپاس.. زۆر سوپاس بۆ ئەم گفتوگۆیە، لەگەڵ جەنابتان و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیران و جێگرانی سەرۆکی هەرێم. زۆر سوپاس بۆ هەموو لایەک. بە ڕاستی بەلامەوە گرنگ بوو کە لەگەڵ ئێوەدام و خۆشحاڵیشم لە هەولێرم.

دۆستایەتییەکی تایبەتی لەنێوان فەرەنسا و کوردستاندا هەیە. گەلی کورد دۆستایەتییەکی بەهێزی لەگەڵ گەلی فەرەنسا هەیە. ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە خۆی هەبوو، بەتایبەتیش کاتێک سەربازانی ئێمە هاتنە ئێرە و هاوشانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی عێراق بوون و هاوئاهەنگییان کرد، ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر بوون.

دەتوانم بڵێم سەربازانمان لەگەڵ هەسەدەش ڕۆڵێکی باشیان گێڕا. ئەمڕۆ جارێکی دیکە هاوسۆزیی گەلی فەرەنسام بۆ سەرۆک بارزانی دووپات کردەوە و دڵنیاییم دا لە بەردەوامبوونمان لە هاوکاریکردن لە شەڕی دژی داعش، بۆئەوەی داعش لە سنوورەکانی عێراق و سووریا سەرهەڵنەداتەوە، چونکە ئەم شەڕە پەیوەندیدارە بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ئەورووپاش.

هەرێمی کوردستان جوامێریی پیشاندا بەرامبەر بەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە سووریا و ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە لە ئێزدی و سوورییەکان ڕوویان لە ناوچەکە کرد. فەرەنساش لەگەڵ ئێوەدا بوو لە یارمەتیدانی ئاوارەکان. فەرەنسا جوامێر بوو لەو هاوکاریکردنە و لە ڕۆژانی داهاتووشدا هاوکاریی حکوومەت دەگەیه‌نێتە نەخۆشخانەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە. لەمبارەیەوە هاوئاهەنگیمان بەردەوام دەبێت.

دوێنێش بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتم کردەوە کە پێویستە پەیوەندییەکانمان بە ئاراستەی بەرژەوەندیی خەڵک بێت، بەتایبەتیش هەموو هەوڵێک بدەین لەپێناو ئاوارە و پەنابەرانی ئێرەدا. لە بابەتی شنگالیشدا هەرێمی کوردستان لەسەر هێل بوو، جا لەگەڵ حکوومەتی عێراقیش بە هەموومان لە هەوڵی دروستکردنی زەمینەیەکی وەهاین کە ئەو خەڵکە بگەڕێنینەوە زێدی خۆیان. بۆ کریستیانەکانیش بە هەمان شێوە، ئەوەی لەدەستمان بێت ئەنجامی دەدەین بۆ گەڕانەوەیان. لە بابەتی ڕۆژئاڤاش بە هەمان شێوە لەگەڵتان دەبین بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆی. بەگشتییش گرنگە کەشێکی ئاشتەوایی لە ناوچەکەدا دروست بکەین. ئێمە لەگەڵ سەقامگیریی ناوچەکەداین و لەگەڵ ئەوەداین ئاشتی بەدەست بهێندرێت.

گرنگە ئەکتەرەکانی ئەو ناوچەیە بۆ ئەم مەبەستە پێكه‌وه‌ کار بکەن، ئەوانەی دوێنێ لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار بوون، سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی وڵاتان، بە گرنگییەوە هاوئاهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بکرێت و ڕۆڵی کوردیش لەبەرچاو بگیرێت کە ئێوە ڕۆڵێکی گرنگتان لەم بوارەدا هەیە. زۆر خۆشحاڵ بووین کە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی کۆبووینەوە.

لە ماوەیەکی نزیکیشدا لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە کۆدەبمەوە، دەمەوێت دڵنیاتان بکەمەوە لە وەفای فەرەنسا بۆ ئێوە و دۆستەکانی، بەگشتی بۆ کوردەکان.

زۆر سوپاس سەرۆکی هەرێم. زۆر سوپاس بۆ ئێوه‌.