Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ باڵیۆزی ئیتاڵیا کۆبووەوە

2025-09-11T12:46:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025/9/11 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری، کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە بە گشتی، پەیوەندییەکانی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکان و فراوانکردنیان و هەروەها برەودان بە هاریکاریی هاوبەش کردەوە، سەبارەت بە کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر ـ بەغدا، جەخت لە بەردەوامبوونی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور، کرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێز تۆماسۆ سانسۆنی، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خستنەڕووی دوا هەوڵ و هەنگاوەکانی پرۆسەکە، هەروەها هەڵسەنگاندنی ڕەوشی گشتیی ناوچەکە و لێکەوتەی ڕووداو و پەرەسەندنەکانی، دوو تەوەری دیکەی گفتوگۆکان بوون کە بیروڕا لەبارەیانەوە ئاڵوگۆڕ کرا.