Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا کۆبووەوە

2024-09-18T19:02:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ چوارشەممە 2024/9/18, بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخ و دوا پێشهاتە سیاسیی و ئەمنییەکانی ناوچەکە، تاوتوێ کران، هەردوولا لەسەر گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکان و هاریکاریی هاوبەشی نێوانیان، هاوڕا بوون.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر ـ بەغدا کرا و تێیدا چارەسەرکردنی کێشەکانیان بەپێی دەستوور، دووپات کردەوە.

پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە، هەروەها پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەکارییەکانی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون، لەمبارەیەوە، جەخت لە گرنگیی هەڵبژاردنەکە و بەڕێوەچوونی لە کەشێکی سەقامگیردا، کرایەوە.