
ئەمڕۆ دووشەممە 2025/9/15 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بەڕێز مازن ئەلفەقیە، بەرپرسی کاروباری سیاسی و ئابووریی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای ڕەوشی گشتیی ناوخۆ و پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق، ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش و هەڕەشە و مەترسییەکانی بۆ سەر ناوچەکە، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا و کێشە هەڵواسراوەکانی نێوانیان، بەتایبەتی کێشە دارایییەکان، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
جێگری سەرۆک، ڕۆڵ و کاریگەریی هێزەکانی ئەمەریکای لە چوارچێوەی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە ناوچەکەدا بەرز نرخاند، هەروەها جەختی لە هەماهەنگیی زیاتری نێوان هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان، لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە، کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە خرایە بەر باس و هەردوولا لەسەر پێویستیی سەرخستنی پرۆسەکە و خێراکردنی ئەو قۆناغانەی کە ماون، هاوڕا بوون.
ڕووداو و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو، تیایدا بیروڕا لەبارەی لێکەوتەکانیان بەسەر ڕەوشی گشتیی ناوچەکەوە، ئاڵوگۆڕ کرا.
