
بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە کۆڵۆنێڵ تۆماس ڕیتەر، فەرماندەی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانیی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، دۆخی سیاسیی ناوخۆ و ڕەوشی ئەمنیی عێراق، پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بەگشتی و مەترسییەکانی داعش لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە، تاوتوێ کران.
بەڕێز جێگری سەرۆک، ڕۆڵی هێزەکانی ئەڵمانیای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژى داعش بەرز نرخاند و پێویستیی هەماهەنگی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانانی لەپێناو پاراستن و سەقامگیریی ئەو ناوچانەی کە بۆشايی ئەمنيیان تیادایە، دووپات کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا کرا، لەمبارەیەوە، چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە و ئەو میکانیزمانەی کە بۆ چالاککردن و سەرخستنی گرنگن، خرانە بەر باس.
شاندی سەربازیی ئەڵمانیا، جەختیان لە بەردەوامیی هاریکارییە سەربازی و لۆجستییەکانی وڵاتهكهیان بۆ پێشمەرگە، بەتایبەتی لەڕووی مەشق و ڕاهێنانەوە کردەوە و هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان هەردوولایان، بە گرنگ لە قەڵەم دا.

