
ئەمڕۆ دووشەممە 2025/3/24 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە کۆلۆنێڵ لوکا ڤێلزیک، فەرماندەی سەربازیی هێزی هاوپەیمانیی ئیتاڵیا، کرد.
لە كۆبوونەوەکەدا بەڕێز جێگری سەرۆک، جەختی لە گرنگیی پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە و ڕۆڵی هێزی ئیتاڵیای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، هەروەها پشتیوانی و هاریکارییەکانیان، بەتایبەت لە بواری مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە، بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە کۆلۆنێڵ ڤێلزیک، هاوکاری و پشتیوانییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ پێشمەرگە دووپات کردەوە و بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزی هاوپەیمانانی، بە گرنگ لە قەڵەم دا.
ڕەوشی گشتیی ناوچەکە و پێشهاتەکانی، هەروەها چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.