Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا کۆبووەوە

2025-07-21T16:07:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە 2025/7/21 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، پێشهاتەکانی ڕەوشی سیاسی و دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە و کێشەکانی هەولێر ـ بەغدا، تاوتوێ کران.

هەردوولا جەختیان لە گرنگی و بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کردەوە، هەروەها هاوڕابوون کە پێویستە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لێکگەیشتن و لە چوارچێوەی دەستووردا، چارەسەر بکرێن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بەڕێز جێگری سەرۆک، تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکەدا و جەختی لە پێویستیی هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزی هاوپەیمانان، لەپێناو سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە، کردەوە.

پرۆسەی چاوەڕوانکراوی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکان لە سووریا و کێشە و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.