
ئەمڕۆ دووشەممە 2025/4/21 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە کۆڵۆنێڵ لیندا کاپێلا، ڕاوێژکاری نوێی سەربازیی هێزەکانی هۆڵەندا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز جێگری سەرۆک، وێڕای پیرۆزباییکردن لە کۆڵۆنێڵ لیندا کاپێلا بە بۆنەی دەستبەکاربوونییەوە، هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و ئامادەیی بۆ هەموو پشتیوانی و هاوکاریکردنێکی لە سەرخستنی کارەکانیدا، نیشان دا.
لای خۆیەوە کۆڵۆنێڵ کاپێلا، خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەکاربوونی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبەش لەنێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستاندا، کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێز بێتریلا سنۆیا، جێگری کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە، هەروەها گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی سووریا و بەردەوامیی جەنگ لە غەززە، تاوتوێ کران.
