Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ شاندێکی سەربازیی ئیتاڵیا کۆبووەوە

2025-02-17T15:22:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە 2025/2/17 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جەنەڕاڵ پاولۆ پیزۆتی، فەرماندەی سەربازیی هێزی تایبەتی ئیتاڵیا و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا، وێڕای خستنەڕووی پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکان لە عێراق و ناوچەکە، پەیوەندييه‌كانى نێوان ئیتاڵیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، مەشق و ڕاهێنانەکان بە پێشمەرگە و پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە و مەترسییەکانی داعش و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، گفتوگۆیان لێ کرا.

بەڕێز جێگری سەرۆک، جەختی لە گرنگیی پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها ڕۆڵی پشتیوانییە سەربازییەکانی ئیتاڵیای لە پەرەپێدانی توانا سەربازییەکان و دامەزراندنی بنکەی سەربازیی تایبەت بە مەشق و ڕاهێنان بۆ پێشمەرگە، بەرز نرخاند و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشی لە ناوچەکەدا، بە پێویست و کاریگەر، لە قەڵەم دا.

لای خۆیانەوە شاندە سەربازییەکەی ئیتاڵیا، بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دوان و بەردەوامیی هاوکاری و پاڵپشتییەکانی هێزی ئیتاڵیایان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش بۆ پێشمەرگە، هەروەها پێویستیی هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەردوولایان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی داعش، دووپات کردەوە.