
ئەمڕۆ دووشەممە 2025/9/29 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز کۆڵۆنێڵ ئاریان بوما، فەرماندەی نوێی هێزەکانی هۆڵەندا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتيی دژ بە داعش، کرد.
لە دیدارەکەدا بەڕێز جێگرى سەرۆک وێڕای بەخێرهێنان، پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە بەڕێز کۆڵۆنێڵ ئاریان بوما کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست، هەروەها ئامادەیی هەموو پشتیوانی و هاوکاریکردنێکی بۆ سەرخستنی کارەکانی، نیشاندا.
لای خۆیەوە بەڕێز کۆڵۆنێڵ ئاریان بوما، خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەکاربوونی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەربڕی و جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبەشی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا، کردەوە.

