
ئەمڕۆ یەکشەممە 2025/3/23 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز دکتۆر عەبدولەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، کرد.
لە دیدارێکدا، باس لە دوایین پێشهاتەکان و بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عيراق و کوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا و چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی، کران.
سەبارەت بە کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت کێشەکان لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لێکگەییشتن و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن، لەپێناو سەقامگیربوونی دۆخی ئاشتی و ئاسایش و فەراهەمکردنی ژیانێکی خۆشگوزەران بۆ هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازی.
پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی سووریا و ناوچەکە و پێویستیی دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ و ئاڵۆزییەکانی وڵاتانی دەوروبەر، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.