ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 2024/9/27، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە پڕۆفیسۆر تۆماش دێژۆ، سەرۆکی ئینیستیتیوتی دانوب لە بۆداپێست و دکتۆر بۆری لازلۆ، سەرۆکی زانکۆی بۆداپێست لە هەنگاریا، کرد.
لە دیدارەکەدا، ڕەوشی سیاسی و دۆخی ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، تاوتوێ کران. سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانە هەنووکەییەکان لە ناوچەکەدا، جەخت لە پێویستیی گەڕانەوە بۆ وتووێژ و دانوستاندن لەنێوان لایەنە ناکۆکەکاندا، کرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ هەنگاریا کرا، گرنگیی پەرەپێدان و پێشخستنی پەیوەندییەکان، بەتایبەتی لە بواری سەربازییدا، دووپات کرایەوە.
ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، هەروەها ڕۆڵیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەقامگیریی ناوچەکەدا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.