Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک پیرۆزبایی لە یەکێتیی نووسەرانی کورد دەکات

2025-02-10T16:37:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

لە (55)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد، پیرۆزبایی لە گشت نووسەر و ڕۆشنبیر و ئەدیبانی کوردستان دەکەم، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم لە بەرەوپێشچوون و دەوڵەمەندکردنی زمانی دایک و پاراستنی فەرهەنگ و کولتووری کوردی.

یەکێتیی نووسەرانی کورد لە کاتێکدا دامەزرا، کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان لە ئاست مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان لە هەوڵ و تێکۆشانی خەباتی سیاسییدا بوو، لەوسادا دامەزراندنی ئەم یەکێتییە وەرچەخانێکی زێڕین بوو بۆ شۆڕش و خەباتی گەلی کوردستان، هەم خزمەتێکی بەرچاو بوو بۆ پاراستنی زمان و بەرەوپێشچوونی ئەدەبیات و کولتوور و شوناسی کورد.

وەک چۆن لە ڕابردوودا ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە، هیواخوازم لە ئێستاشدا یەکێتیی نووسەرانی کورد پێگەیەک بێت بۆ بەرەوپێشچوونی گیانی نیشتیمانپەروەری و پێگەیاندنی نووسەری ڕاستەقینە و بە ئەزموون، لەپێناو داکۆکیکردن لە زمان و ناسنامە و کولتوری جوانی کوردستان و دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی نوێی کوردی.

لەم یادەدا سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنم بۆ گشت ئەو شەهیدانەی کە لە ڕێگەی قەڵەمە بوێر و نووسینەکانیانەوە خزمەتیان کرد و گیانیان پێشکەش بە خاکی پیرۆزی کوردستان کرد.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2025/2/10