بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی بارەگای لیوای (٧١٢)ی هێزەکانی (٧٠)ی پێشمەرگەی کرد و لەلایەن عەمید عەبدولواحید مستەفا ئەحمەد فەرماندەی لیوا، ئەفسەران، پلەداران و پێشمەرگەکانی لیواکەوە، پێشوازی لێکرا.
لە سەردانەکەیدا بەڕێز جێگری سەرۆک، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی ئەرکەکان و ڕێکخستنەوەی کاروباری هێزەکان، لەگەڵ فەرماندە و ئەفسەرانی باڵا و پێشمەرگەگانی لیواکەدا، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێزیان، وێڕای ڕوونکردنەوەی هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، جەختی لە گرنگیی مەشق و ڕاهێنانەکان، هەروەها کردنەوەی خولی ئەکادیمی بۆ هێزی پێشمەرگە، کردەوە.
لای خۆیانەوە فەرماندە و ئەفسەران، سوپاسی سەردان و پشتیوانییەکانی بەڕێز جێگری سەرۆکیان کرد و دواتر بە مەبەستی پێشخستنی کارەکانیان و باشتر جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، سەرنج و بۆچوونەکانیان خستەڕوو.