Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سه‌رۆک لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا کۆبووەوە

2025-08-04T11:49:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە 2025/8/4 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز تۆماسۆ سانسۆنی، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا و چۆنیەتیی پەرەپێدانیان، پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە و هاریکاریی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هەروەها مەترسییەکانی داعش و هەڕەشەکانی تیرۆر لە ناوچەکەدا، خرانە بەر باس.

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە، هەروەها لە سەر پرسی کێشەکانی هەولێرـ بەغدا، بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا و گفتوگۆ و دانوستاندنی نێوان هەردوولایان لە سەر بنەمای دەستوور بە گرنگ زانی، لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەیی بۆ کۆی کێشە هەڵواسراوەکان.

پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی چاوەڕوانکراوی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.