Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سه‌رۆک ماڵئاواییی لە ڕائید کریس ڕاینگانس کرد

2024-10-08T19:59:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ سێشەممە 2024/10/8, بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا, جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ماڵئاوایی لێکردنی، پێشوازیی لە ڕائید کریس ڕاینگانس، سەرپەرشتیاری ڕێکخستنی فیرقەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی یادداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و تیمێکی سەربازیی یاوەری، کرد.

لە دیدارەکەدا به‌ڕێز جێگری سەرۆک، ستایشی کارەکانی ڕائید ڕاینگانسی لە ماوەی ڕابردوودا کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی نوێیدا بۆ خواست. هەروەها بە پێزانینەوە باسی لە تیمە سەربازییەکەی یاوەری کرد کە لە مەشق و ڕاهێنانەکانیاندا بۆ پێشخستنی توانا سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە، ڕۆڵی کاریگەریان گێڕاوە.

لای خۆیەوە ڕائید کریس ڕاینگانس، سوپاسی پشتیوانی و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی كرد و جەختی لە پشتیوانی و بەردەوامیی هاریکارییە سەربازییەکانیان بۆ پێشمەرگە، کردەوە.