Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سه‌رۆک پێشوازیی لە شاندێکی کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا کرد

2024-09-29T21:00:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە 2024/9/30، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد، کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان شارڵۆت دیکسن جێگری نوێی کونسوڵی گشتی و کەیت شاو، جێگری پێشوو.

لە دیدارەکەدا، به‌ڕێز جێگری سەرۆک سوپاسی خاتوو شاوی کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا، ڕۆڵی گرنگی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیادا، گێڕاوە. هەروەها وێڕای بەخێرهێنان، پیرۆزباییی دەست بەکاربوونی لە خاتوو دیکسن کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا وەک جێگری نوێی کونسوڵی گشی، بۆ خواست.

لای خۆیەوە بەڕێز جێگری پێشووی کونسوڵ، بە پێزانینەوە باسی لە پشتیوانی و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی كرد. بەڕێز جێگری نوێی کونسوڵیش، خۆشحاڵى خۆی بە ئەرکە نوێیەکەی دەربڕی و گرنگیی بەردەوامی و زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولای، دووپات کردەوە.