Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمه‌ریکا کۆبووەوە

2024-08-19T21:00:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ سێشەممە 2024/8/20، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان کرد و وێڕای پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی، هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست.


پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا، پەیوەندييه‌كانى ئەمه‌ریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنیيەکانی ناوچەکە بەگشتی و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش باس کران، هەروەها دۆسێیەی چاکسازی و ‏یەکخستنەوەی پێشمەرگە و پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تاوتوێ کران.


هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لە بەردەوامبوون و فراوانکردنی پەیوەندییەکان کردەوە و هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە کێشەکانی هەولێر ـ بەغدا، بە گفتوگۆ و لە چوارچێوەی دەستووردا، چارەسەر بکرێن. سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هیوایان خواست پرۆسەکە لەکاتی دیاریکراو و لە کەشێکی ئارامدا، بەڕێوە بچێت.