Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

لە ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوباتدا

2022-01-31T18:12:34.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

هەژدە ساڵ بەرلە ئەمڕۆ، تیرۆریستان و ناحەزانی دژ بە دۆزی ڕەوای کورد، له پەلامارێکی خۆکوژییاندا لە هەولێر چەندین کەسیان شەهید و بریندار کرد و زامێکیان بە دڵی کوردستاندا هێنا کە لە بیرکردن و ساڕێژبوونی ئەستەمە.

لە ساڵیادی ئەم ڕۆژە شوومەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی یەکی شوبات و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان دادەنەوێنم.

لەم یادە پڕ لە ئازارەدا، هیواخوازم خوێنی شەهیدەکانمان و بەری ڕەنج و خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندییەکان، بە گیانی برایەتی و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزین، چونکە هەموو ئەو قوربانییانەی بە خوێن و جەستە بەخشراوە بە کوردستان لەپێناو ئاشتی و ئارامیدا بووە، بۆ گەیشتن بووە بە کیانێکی سەربەخۆ کە ئەمڕۆ قەوارەی هەرێمی کوردستانی لێ بەرهەم هاتووە، بۆیە پاراستنی دەستکەوتەکان و هەنگاونان بۆ بەدەستهێنانی زیاتری مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، ئارامبوونی ڕۆحی شەهیدەکانمانە و دڵنەواییە بۆ کەسوکارە سەربەرزەکانیان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

٢٠٢٢/١/٣١