Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

له‌ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان كۆبوونه‌وه‌يه‌ك له‌گه‌ڵ شاندێكى سه‌ربازيى‌ ئه‌مه‌ريكا به‌ڕێوه‌چوو

2023-01-19T13:07:30.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٣/١/١٩ بە سەرپەرشتیی بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمى كوردستان و به‌ ئامادبوونى سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێم و ئەنجومەنی وەزیران، نوێنەرانی نووسینگەی به‌ڕێز سەرۆکی ھەرێم و سەرۆک وەزیرانی هەرێمى كوردستان، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوه‌يه‌ك لەگەڵ گرووپی ڕاوێژکاريی سەربازیی ئەمه‌ریکا، نوێنەری نووسینگەی ئەمه‌ریکا بۆ هاوکاريی ئەمنيی عێراق، ڕاوێژکاری وەزارەتی بەرگريی ئەمه‌ریکا و یەکەی سیاسی و ئابووری لە کونسولخانەی ئەمه‌ریکا له‌ هه‌ولێر، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەیڕەوی کارنامەی لێکتێگەیشتنى نێوان ئەمه‌ریکا و هەرێمی کوردستان، به‌ڕێوه‌چوو.

لە کۆبوونەوه‌كه‌دا جەخت لە بەردەواميی پەیوەندییەکانی ئەمه‌ریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان کرایەوە، هەورەها تیشک خرایە سەر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆریستانی داعش کە مەترسیی ڕاستەقینەن لەسەر ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر خێراکردن و بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە له‌ هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانيدا.

نوێنەرانی ئەمه‌ریکا هەموو پشتگیرییەکی وڵاتەکەیان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە خستە ڕوو، هەروەها دووپاتیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە هاریکارییە سەربازی و مرۆییيەکان بۆ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان.