Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

کۆبوونەوەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تایبەت بە پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە بەردەوامن

2025-09-16T14:55:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ سێشەممە 2025/9/16 لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان بەرپرسانی ژمارەیەک لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمەریکا، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا که‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیی به‌ڕێز شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگری سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه‌ چوو و به‌ڕێزان وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسان له‌ هه‌ردوولا ئامادەی بوون، بەڕێز جێگری سەرۆک بە ناوی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ـەوە، سوپاسی ڕۆڵ و هەوڵەکانی ئەمەریکا و هێزە هاوپەیمانەکانی لە پرۆسەکەدا کرد و بە کاریگەر لە قەڵەمی دان.

لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی هێزی پێشمەرگە و پێویستیی یەکخستنەوەیان، دوا هەنگاوەکانی پرۆسەکە و ئەو قۆناغانەی کە ماون، خرانە ڕوو.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەوڵ و هەنگاوی هاوبەش بە ئاراستەی خێراکردنی پرۆسەکە و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەمی دووپات کرایەوە و بیروڕا سەبارەت بە فراوانکردنی هەماهەنگی و هاریکاری لە نێوان هەردوولادا، ئاڵوگۆڕ کرا.