Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

کونسوڵی گشتیی هەنگاریا ماڵئاوایی لە جێگری سەرۆک دەکات

2025-05-19T11:54:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە 2025/5/19 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ‏هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیەوە وەک کونسوڵی گشتیی هەنگاریا لە هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئەتیلا تۆس کرد.

لە دیدارەکەدا به‌ڕێز جێگری سەرۆک بە سوپاس و پێزانینەوە، کارەکانی بەڕێز ئەتیلا تۆس ـی لە ماوەی ئەرکەکەیدا وەک کونسوڵی گشتیی هەنگاریا لە هەرێمی کوردستان، بەرز ‏نرخاند و ڕۆڵی بەڕێزیانی لە ڕێکخستن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەو هاوکارییە سەربازییانەی کە وڵاتەکەی پێشکەش بە هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستانی کردووە، بە گرنگ و کاریگەر لە قەڵەم دا، بە تایبەتی لە پرۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا.

لای خۆیەوە بەڕێز تۆس، سوپاسی پاڵپشتی و هەماهەنگیی دەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی لە سەرخستنی کارەکانیدا کرد و جەختی لە گرنگیی بەردەواميی پەیوەندی و هەماهەنگییە سەربازی و مرۆیییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، کردەوە.