Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نێچیرڤان بارزانى جەخت لە پرۆسەى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە دەکاتەوە

2019-10-15T05:18:28.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى جەختى لە پابەندى بە پرۆسەى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە کردەوە و سوپاسى بەریتانیا و وڵاتانى دیکەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى کرد بۆ هاوکارى و پشتگیرییان لە پرۆسەکە.

لە کۆبوونەوەیەکدا ئەمڕۆ سێشەممە 15/10/2019 لەگەڵ بەڕێز جەنەرال جۆن لۆریمەر ڕاوێژکارى باڵاى بەریتانیا بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و شاندێکى یاوەرى، بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان سوپاسى بەریتانیا و هاوپەیمانيى نێودەوڵەتى کرد کە لە شەڕى دژى تیرۆردا هاوکاریى هەرێمى کوردستان و عێراقیان کرد و جەختى لە پێویستیى بەردەوامیى پشتگیریى بەریتانیا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کردەوە بۆ پاراستنى دەستکەوتەکانى سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا و ڕێگریکردن لە مەترسیى سەرهەڵدانەوەى داعش.

لاى خۆیەوە جەنەراڵ لۆریمەر جه‌ختی له‌ پابەندیى بەریتانیا بۆ بەردەوامیى پشتگیریى و هاوکاریی هەرێمى کوردستان و عێراق له‌ ڕووبەڕووبوونەوەى هەڕەشەکانى تیرۆر کردەوە و ئامادەییى وڵاتەکەى بۆ بەردەوامیى هاوکاریکردنى وەزارەتى پێشمەرگە لە پرۆسەى چاکسازی و مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە دووپات کردەوە، خۆشحاڵیى خۆیشى بە هاوکاریکردنى وەزارەتى پێشمەرگە لەم بوارەدا نیشان دا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێزان وەزیرى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان و کونسولى گشتیى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بوون، هەردوولا گرنگیى هەماهەنگیى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و ڕووبەڕووبوونەوەى مەترسییەکانى سەرهەڵدانەوەى تیرۆر، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، دۆخى عێراق و خۆپیشاندانەکانى بەغدا و پارێزگاکانى دیکە، پێشهاتەکانى سووریا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتى فرات بەتایبەتى و بارى مرۆیى و دۆخى ناوچەکەیان بەگشتى، تاوتوێ کرد.