سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان كۆبووه‌وه‌

News
- 20 June 2020

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20/6/2020 له‌ به‌غدا به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ خاتوو جينين پلاسخارت، نوێنه‌رى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا تيشكيان خسته‌ سه‌ر دۆخى سياسى و ئابووريى عێراق و لێكه‌وته‌كانى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و جه‌ختيان له‌ گرنگى و پێويستيى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى هه‌موو لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان بۆ تێپه‌ڕاندنى قه‌يرانه‌كان كرده‌وه‌.

ده‌ستبه‌كاربوونى كابينه‌ى تازه‌ى حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵ به‌ سه‌رۆكايه‌تيى به‌ڕێز مسته‌فا كازمى و كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵ و دياڵۆگ و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنيان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، ته‌ورێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، جه‌ختى له‌ ئاماده‌ييى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵ له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌ گرنگيى ڕۆڵى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كرد.