سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوكارییه‌كانی فه‌ره‌نسای كرد له ناوچه‌ی شه‌نگال، هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه هه‌ر كاندیدێکی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆده‌نگی له‌سه‌ر بێت، هه‌رێمی كوردستان هاوكار ده‌بێت ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی به‌دیهێنانی سه‌قامگیری و ئاسایش و پرۆسه‌یه‌كی سیاسیی سه‌ركه‌وتوو بۆ گشت عێراق.
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 5/2/2020، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز برونۆ ئوبێرت باڵیۆزی فه‌ره‌نسا له عێراق و شاندێكی یاوه‌ری، کۆبووه‌وه.
سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه كه هه‌وڵه‌كان بۆ گفتوگۆی هه‌ولێر ـ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن، هه‌روه‌ها جه‌ختی له هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی نێوان كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌ڵه‌تی و حكوومه‌تی عێراق و وڵاتانی هاوپه‌یمان كرده‌وه به‌مه‌به‌ستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و دانانی میكانیزمێك بۆ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمان.
چۆنیه‌تیی بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و فه‌ره‌نسا، سه‌ردانه مه‌یدانییه‌كه‌ی شاندی میوان بۆ ناوچه‌ی شه‌نگال، هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا به‌مه‌به‌ستی سه‌قامگیریی زیاتر له ناوچه‌كه، بارودۆخی ئێستای به‌غدا و ناوزه‌دكردنی به‌ڕێز محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران و دۆخی ئابووری و ئاسایش و مه‌ترسییه‌كانی داعش به‌گشتی، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو.