شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان لە دەستەی ڕاوێژکاران بە سەرۆكایەتیی د. نەزەند بەگیخانی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی بۆ خوێندنی باڵا و جێندەر و یاوەریی سکرتارییەتی دەستەی ڕاوێژکاران، سەردانی هەردوو زانکۆی سۆران و کۆیەیان كرد.
لە هەردوو سەردانەكاندا كە ڕۆژانی 20 و ٢1/6/2022 ئەنجامدران، شاندەكە لەگەڵ سەرۆکی نوێی زانکۆی سۆران د. شێروان شەریف قورتاس و ئەنجومەنی زانکۆی سۆران و سەرۆکی نوێی زانكۆی كۆیە د. محەمەد حەسیب سەدیق و ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی كۆبوونەوە و تیایدا شاندی سەرۆكایەتیی هەرێم پەیامی پشتگیری و هاوکاریی سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستانیان بۆ پرسەکانی جێندەر و خوێندنی باڵا بە سەرۆکایەتیی هەردوو زانکۆ گەیاند بە تایبەتی لە بواری جێندەردا.
پوختەیەكیشیان دەربارەی مێژووی دامەزراندنی سەنتەرەکانی جێندەر لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو و جەختیان لە گرنگیی بە ئەکادیمیکردنی پرسی ئافرەت و یەکسانیی جێندەری کردەوە بۆ بەرهەمیهێنانی زانین و زانست لەسەر بنەمای بەڵگە و فاکت، كە ئەمەش پێویستی بە توێژینەوەی زانستی و کۆرسی تایبەت هەیە و هاوكاری دەزگاکانی حکوومەتیش دەکات بۆ داڕشتنی سیاسەتی گونجاو و چاکسازیی.
لە هەرێمی کوردستان ٢٨ سەنتەری جێندەرناسی لە زانکۆکانی کوردستان هەیە كە بەشێک بوو لە پرۆگرامی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئەو کاتەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو و ساڵی ٢٠١٧ بە بڕیاری فەرمی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە داوای دامەزراندنی سەنتەرەکان كراوە.