لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢۰٢٢/٦/١ شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی د. جەعفەر ئێمنکی، سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاران، سەردانی پەرستگەی لالشی نوورانییان کرد و لەلایەن میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزدییان لە كوردستان و جیهان و جڤاتی ڕۆحانییەوە پێشوازی كران.
لە دیدارێكدا شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان سڵاو و ڕێزی سەرۆك نێچیرڤان بارزانییان بە بەڕێزان میر حازم و جڤاتی ڕۆحانی گەیاند، هەروەها بارودۆخی کوردانی ئێزدی و ئەو کێشانەی ڕووبەڕوویان دەبنەوە، بارودۆخی کەمپی ئاوارەكان، قۆناغ و هەنگاوەكانی بەنێودەوڵەتیكردنی تاوانی جینۆساید و شوێنبزركردنی ئێزدیییان لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە لە شەنگال و ناوچەكانی دیكە، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
لەمبارەیەوە شاندی سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان، پاڵپشتیی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیان بۆ داخوازییەكانی خوشک و برایانی ئێزدی لە هەموو ڕوویەكەوە دووپات كردەوە.