Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆکی هەرێم و شاندێکی باڵای سەربازی سه‌ردانی هەنگاریا دەكەن

2022-12-04T13:52:03.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

لە سەردانێکی فەرمیدا بۆ هەنگاریا، بە سەرۆکایەتیی بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵای سەربازیی پێشمەرگەی کوردستان کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان فەریق ڕوکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە، لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری شەشی پێشمەرگە، شاندی هەرێمی كوردستان دەربارەی پرسە هەنووكەییەكان لە هەرێمی كوردستان، عێراق و ناوچەكە، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پێشووی کۆماری چیک بەڕێز ڤاکلاڤ کلاوس و سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئوسترالیا بەڕێز تۆنی ئابۆت دیداریان ئەنجام دا. دواتر بە بەشداریی لێکۆڵەر و شارەزا و ئەکادیمستان لە بواری دیپلۆماسی و سەربازی و ئابووری، پانێڵی گفتوگۆ لەگەڵ پرۆفیسۆر و بیرمەندانی زانکۆکانی جیهان لە بواری ستراتیژی سیاسی و سەربازی سازدرا، هەروەها دۆزینەوەی چارەسەری بۆ دەرچوون لەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی جیهان بوونەتەوە بە تایبەت لەڕووی جەنگ و ماڵوێرانییەکانی و تێکچوونی دۆخی ئابووریی وڵاتانەوە، بە گرنگییەوە باسیان لێوە کرا.

دواتر تیشک خرایە سەر سیاسەتی گشتیی نێودەوڵەتی و سیاسەتی هەنگاریا بەرامبەر هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە بواری ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و ڕۆڵ و کاریگەریی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ئاستی یارمەتییە سەربازی و مرۆییەکان وەکو ناوچەیەکی ستراتیژی و کاریگەری دژ بە تیرۆریستان، هەروەها ڕۆڵی پێشمەرگەیان لە ڕووبەڕووبونەوی داعش بەرز نرخاند و وەک هێمایەكی شکۆدار لە خۆڕاگری و نموونەی کۆڵنەدان لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشیان، پێناسە کرد.

لە کۆتاییی سەردانەکەیاندا بەڕێز جێگری سەرۆك سوپاسی هەرێمی کوردستانی پێشکەش بە هەنگاریا کرد، هەروەها ڕۆڵی هێزەکانی هەنگاریای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەرز نرخاند و هیوای خواست کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بەردەوام بێت لەپێناو ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا.