Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا كۆبوونه‌وه‌‏

2023-09-11T14:23:15.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2023/9/11 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو ئالينا ڕۆمانۆوسكى، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ ‏عێراق و شانديكى ياوه‌رى كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان، گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌تايبه‌تى پرسى ‏بودجه‌ و مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان و دۆخى عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.‏

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى گفتوگۆيه‌كى بنياتنه‌رانه‌ له‌نێوان حكوومه‌تى فيدراڵى ‏عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌ بۆ لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش و ‏چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان، به‌ شێوه‌يه‌ك مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌مووان ‏ده‌سته‌به‌ر بكات و ئارامى و سه‌قامگيريى سياسيى وڵات بپارێزێت.‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى داكۆكى له‌ گرنگيى جێبه‌جێكردنى سيستمى فيدراڵى له‌ ‏عێراق كرده‌وه‌ وه‌ك له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ ده‌بێ وه‌ك ‏هه‌رێمێكى فيدراڵى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا بكرێت و به‌رده‌واميى كێشه‌ و ‏ناكۆكی له‌نێوان حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا، له‌ ‏به‌رژه‌وه‌نديى وڵاتدا نييه‌.‏

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كان و دابينكردنى شايسته‌ ‏دارايييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى ياسا و ڕێككه‌وتنه‌كان، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌ ‏ته‌بايى و يه‌كڕيزيى نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، به‌تايبه‌تى ‏پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان كرده‌وه‌.‏

ده‌رفه‌ته‌كانى سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى بيانى و ناوخۆيى و به‌هێزكردنى كه‌رتى ‏تايبه‌ت له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ئێزدييان و گرنگيى جێبه‌جێكردنى ‏ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ ‏ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ‏ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.‏