دوێنێ چوارشەممە ٢٠٢٢/١٠/١٩ لە ئەرکێکی بەرپرسیارێتی و نیشتیمانیدا لە ئۆپەراسیۆنێکی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پاشماوەکانی داعش لە سنووری تاوێرکەوە لە ناوچەی پەلکانە و زینانە لە گەرمیان، بۆمبێکی چێنراو بە هێزەکانی کۆماندۆی کوردستاندا دەتەقێتەوە، بە داخەوە لە ئەنجامی ئەم کردەوە تیرۆریستییەدا نەقیب (زوهێر محەمەد) شەهید دەبێت، هەروەها فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بەڕێز (ئاکام عومەر) و چەند پێشمەرگەیەکی تر بە سەختی بریندار دەبن.
بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی و هاوسۆزی خۆم ئاراستەی خێزان و بنەماڵەی خوالێخۆشبوو شەهید نەقیب (زوهێر محەمەد) دەکەم، داواکارم لە یەزدان بە میهرەبانی و بەزەیی خۆی بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایش بە خانەوادە و کەسوکار و ئازیزانی ببەخشێ، هەروەها هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ فەرماندەی ئازا و بوێر بەڕێز (ئاکام عومەر) و ئەو پێشمەرگانە دەخوازم کە لە ئەنجامی ئەو کردەوە تیرۆریستییەدا بە سەختی برینداربوون.
تیرۆریستان دڵنیا دەکەینەوە کە هەمیشە لە سەنگەری ڕووبەڕووبوونەوەدا بەردەوام دەبین بە پاڵپشتی و ئازایەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ لەناوچوونی یەکجارەکی گرووپە چەکدارەکانی داعش لە هەر شوێنێکدا هەبن لەپێناو پاراستنی خاکی کوردستان و تۆڵەکردنەوەی خوێنی شەهیدەکانمان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٢/١٠/٢٠