Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامێک لە جێگری سەرۆکەوە بۆ یادی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١

2024-03-05T07:06:54.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

لەم ڕۆژە پڕ شکۆ و ئازایەتییە بێ وێنەیەدا کە یادی ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی خاکی کوردستانە لە چنگی دوژمنێکی دیکتاتۆر، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کوردستانییانی ئازیز، پێشمەرگە قارەمانەکان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، خانەوادەی قوربانییانی ئەنفال و کیمیاباران و تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆییی کوردستان دەکەم.

٣٣ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ ڕق و کینەی جەماوەری کوردستان پاڵپشت بە هێزی پێشمەرگەکانی بەرەی کوردستانی بەرامبەر بە زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو لە ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین گڵپەی سەند و دیواری ترس و ستەمیان تێکشکاند و ئاڵای سەرکەوتنیان لە خاکی پیرۆزی کوردستان هەڵکرد، ئەم ڕاپەڕینە بوو بە تاجی شکۆ و سەروەری بۆ گەلی کوردستان و بەدیهێنانی زۆر لەو خەون و ئاواتانەی کە گەلی کوردستان چاوەڕێی بوو. ڕاپەرین وەک گرنگترین وەرچەرخانی مێژوویی، سیستمێکی سیاسیی حوکمڕانی پەرلەمانی لێکەوتەوە، بێ شک دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستانیش بەرهەمی ئەو ڕاپەڕینەیە کە بە خوێنی هەزاران شەهید هاتۆتە دروستبوون.

ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرانە وامان لێدەخوازێت کە حیزبە دەسەڵاتدارەکان خوێندنەوەیەکی قووڵ و تەندروست بە کۆی پرۆسەی حوکمڕانیی هەرێمدا بکەن لە بەرامبەر ئەو قۆناغە هەستیار و پڕ لە قەیرانە سیاسی و ئابوورییەی کە هەرێمەکەمان تێیکەوتووە، بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی هەنگاو بنێین بۆ قۆناغی بەرەنگاربوونەوە و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ، لەپێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکان و خزمەتێکی شایستەتر بۆ گەلی کوردستان.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی کوردستان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٢٠٢٤/٣/٥