لە ساڵیادی ئەنفالی بادینان و تێپەڕبوونی (٣٥) ساڵ بەسەر ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییەدا، سەری ڕێز و وەفا بۆ گشت شەهیدان و ئەنفالکراوانی بادینان و هەموو ئەو ناوچانەی کە بەر شاڵاوی بەدناوی ئەنفال کەوتوونە دادەنەوێنم و بە چاوی شکۆ و ڕێزەوە لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان دەڕوانم.
ئەنفال و جینۆسایدکردنی خەڵکی سڤیلی بادینان، جیاوازی نەکرد لە نێوان منداڵ و ژن و گەنج و پیاوی پیردا، بەڵکو لە پرۆسەیەکی بێڕەحمانەدا لە بیابانەکانی باشووری عێراق کۆمەڵکوژ کران، گهلی کوردستان لە ناوچەکەدا هەمیشە کەوتۆتە بەر لێشاوی ڕق و ستەمی نەمان و ڕاگواستن و سەختییەکانی ژیان لە ئاوارەیی و دەربەدەريی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، بۆیە بە گرنگی دەزانم ئەم یادانە تەنها بۆ بەبیرهێنانەوەی ئازار و مەینەتییەکان نەبێت، بەڵکو بەرپرسیارانە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا هەنگاو بنرێ و فشارەکان لە لایەن حکوومەتی عیراقی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستانهوه زیاتر بکرێن بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەنفال و دووبارەنهبوونەوەی ئەنفالێکی تر.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی کوردستانە بە تێکڕای بیروڕا جیاوازەکانەوە، گرنگە بە گیانی برایەتی و یەکڕیزی و بیروباوەڕی نیشتیمانپەروەری، ئەو ئەزموون و ئازادی و دیموکراسییەی کە لە ناوچەکەدا هەیە درێژە پێبدەین و کۆدەنگیمان بکەین بە حەقیقەتی خەون و لە گۆڕنانی پلانی دوژمنانمان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٢٠٢٣/٨/٢٥