لە سی و پێنجەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە دەکەینەوە. بەداخەوە لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ لە (١٩٨٨/٣/١٦)دا شەهیدبوون و برینداربوونی هەزاران مرۆڤی بێتاوان لە گەنج و پیر و منداڵ، لەژێر دەسەڵاتێکی فاشیزمی دوور لە بەها مرۆڤایەتییەکان بە بەرچاوی هەموو جیهان، ئەنجامدرا.
جێگای دڵخۆشیی هەموومانە کە یادکردنەوەی ئەمساڵ جیا لە ساڵانی ڕابردوو، مژدەیەکی خۆشی بۆ هەڵەبجەییەکان تێدایە، ئەویش بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە کە ڕێکارە فیدڕالییەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی لەسەر ئاستی عێراقی فیدڕاڵ تەواو کردوە و هەڵەبجەی وەک نۆزدەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان ناساندووە، ئیتر لێرەدا گرنگە ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە لەڕووی بنیادنانەوە وەک شارێکی پێشکەوتوو لە بواری شارستانی و خزمەتگوزارییەوە بکەین بە هەوێنی ساڕێژبوونی ئازار و زامی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان.
ئەرکی سەرشانی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵە بە هاوکاری لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی كوردستان و بە یاسا قەرەبووی ماددی و مەعنەویی کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و دەوروبەری بکاتەوە، هەروەها لە ڕێگای پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە کار بکرێت بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانی هەڵەبجە و پاکتاوی ڕەگەزی نەتەوەی کورد.
قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ئازار و مەینەتیەکانی خەڵکی کوردستانە، با هەموومان بە تێکڕای بیروڕا جیاوازەکانەوە بەرهەمی خوێن و ئازاری میللەتەکەمان بکەین بە هەوێنی ئاشتی و تەبایی و یەکڕیزی، بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی ئەو ئەزموون و ئازادی و دیموکراسییەی کە لە ناوچەکەدا بوونی هەیە، کۆدەنگیمان بکەین بە بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکان و لەگۆڕنانی پلانی دوژمنانمان کە هەمیشە کار دەکەن بۆ سڕینەوەی خاک و شوناسمان.
لە کۆتاییدا سەڕی ڕێز و وەفا دادەنەوێنم بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی کوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٢٠٢٣/٣/١٦