لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکدا پیرۆزباییەکی گەرم لە نەتەوەی کورد و کوردستانییانی ئازیز و گشت پێکهاتە نەتەوەییەکانی کوردستان و عێراق و گەلانی جیهان بە گشتیی دەکەم.
مەبەست لە دیاریکردنی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، هۆشیاریی و ناساندنی فەرهەنگی زمانەکانە لەسەر ئاستی جیهاندا، ئێمەش وەک گەلانی جیهان خاوەن زمان و ئاخاوتنی تایبەت بە خۆمانین و بە شانازییەوە نەتەوەی کورد هەر لەگەڵ دروستبوونییەوە فەرهەنگی زمانی کوردی پاراستووە و بۆتە پێناسە و ناسنامەی نەتەوەیی و دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگ و شووناس و کولتووری کوردی.
لە هەمان کاتدا گرنگە دامەزراوە ڕۆشنبیری و ئەکادیمییەکانی تایبەت بەم بوارە بەردەوام لەگەڵ شارەزایانی بواری زمانەوانی لە پرس و ڕاوێژ دابن و کاربکرێت بۆ ناساندنی زمانی کوردی لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی جیهان، چونکە بە درێژایی مێژووی ناوچەکەمان هەوڵی زۆر دراوە بۆ بەگژداچوونەوە و تواندنەوە و پەراوێزخستنی زمانی کوردی و لاوازکردنی فەرهەنگی کوردی.
لەم یادەدا، سوپاس بۆ هەموو ئەو ڕۆشنبیر و کەسایەتیی و مامۆستایانەی کە بەردەوام و بە بایەخێکی زۆرەوە لە خەمی دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگ و زمانی کوردیدا بوونە ئەگەر بە ووشەیەکیش بووبێ.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٢٠٢٣/٢/٢١