Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆک لە ساڵیادی ئەنفالی گەرمیاندا

2024-04-14T07:28:43.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

لەم یادە کارەساتبار و پڕ لە شکۆیەدا، سەری ڕێز و وەفا بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنم، سڵاو لە کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال دەکەم کە بەردەوام ژیان لەگەڵ ئازارێکی بێکۆتا بەڕێدەکەن و هەمیشە لە چاوەڕوانیی هێنانەوەی ڕووفاتی ئازیزانیاندان، ئەمەش نیشانەی نموونەی باڵا و خۆڕاگرییانە.

ئەنفال سەبارەت بە نەتەوەی کورد ئەو پرۆسە تراژیدی و نامرۆڤانەیە کە لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر هاتە ئەنجامدان و لە چەند قۆناغێکی جیا جیادا بە بەرنامەیەکی داڕێژراو لەڕووی سەربازییەوە ١٨٢ هەزار مرۆڤی بێتاوانی لە پیر و منداڵ و ئافرەت و پیاوی تێدا هاتە ئەنفالکردن.

ئەنفالی ناوچەی گەرمیانیش کە ٣٦ ساڵی بەسەردا تێپەڕ دەبێت، یەکێکە لەو زنجیرە تاوانانەی دەستی ڕژێمی بەعسی ئەو کات کە تەنها تاوانیشیان لەم جینۆسایدکردنە کوردبوونیان بووە و بەس! لە ئێستادا ئەوەی گرنگە بۆ کەسوکاری قوربانییانی ئەنفالکراوەکان بکرێت، قەرەبووکردنەوەی لایەنی ماددی و مەعنەوییانە لەلایەن حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستانه‌وه‌، هەروەها پێویستە پرۆسەی گەڕان بە دوای گۆڕە بەکۆمەڵەکان چڕتر بکرێتەوە لە هەر بیابان و شوێنێکی عێراق بۆنی خوێنی زیندەبەچاڵێکی کورد درکی پێ بکرێت، کاری جددی لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی بە شکۆوە ڕووفاتەکەی بگەڕێندرێتەوە خاکی کوردستان، لەپێناو ئاسوودەبوونی دڵ و دەروونی کەسوکارەکانیان.

سڵاو لە گیانی پاکی گشت شەهیدانی کورد و کوردستان بێت، نیشتیمانیش هەر ئاوەدان بێت.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٢٠٢٤/٤/١٤