Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆک لە ساڵیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا

2024-04-22T07:26:43.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

لە یادی (١٢٦)ەمین ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامە لە ساڵی ١٨٩٨ بە ناوی (کوردستان) لەسەر دەستی میر میقداد مەدحەت بەدرخان، لە هەمان کاتدا ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکاران دەکەم، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

پیشەی ڕۆژنامەگەری و کاری میدیایی، بریتیيە لە بەدەستهێنان و بەخشینی زانیاريی دروست بە پشتبەستن بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو، لە هەر شوێنێکی جیهانیشدا میدیای ئازاد و ڕاگەیاندنکار و ڕۆژنامەنووسی پیشەیی و ڕاستگۆ لە ئاست بەرپرسیارێتیيەکەیدا هەبێت ئەوا کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و خاوەن متمانەی لێ بەرهەم دێت.

لەم بۆنەیەدا بە بایەخەوە لە کار و چالاکییەکانی بواری ڕۆژنامەگەری و نووسەران و ڕۆشنبیرانی هۆشیار و بوێر دەڕوانین، هیوادارم کاری ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندنکاری پیشەیيیانە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا برەوی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ، هەروەها دوور لە ململانێ سیاسییەکان و بەرتەسککردنەوەی کاری ڕۆژنامەوانی بواری زیاتریان بۆ بڕەخسێنرێت، لەپێناو گەیاندنی ڕاستی و دروستیی بابەتەکان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەدا.

لە کۆتاییدا سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم ئەو ڕۆشنبیر و خاوەن قەڵەمە بوێرانەی کە لە ڕێگای کاروانی ڕۆژنامەگەریدا گیانی خۆیان کردە قوربانی، لەپێناو گەیشتن بە کیانێکی سەربەخۆ و کوردستانێکی ئارام.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

٢٠٢٤/٤/٢٢