لە ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکاندا، سەری ڕێز و وەفا بۆ گشت شەهیدان و ئەنفالکراوانی بارزانی و هەموو ئەو ناوچانەی کە بەر شاڵاوی بەدناوی ئەنفال کەوتوونە دادەنەوێنم، بە چاوی شکۆ و ڕێزەوە لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان دەڕوانین کە ساڵەهای ساڵە ئازار دەچێژن لە چاوەڕوانيی ئازیزانیاندا و بەرگەی دووری و بێنازیی دایکوباوک و خوشک و براکانیان گرتووە.
تاوانێکی دژ بە مرۆڤانە ٣٩ ساڵ بەرلە ئەمڕۆ لەژێر جەور و ستەمی دڕەندەترین دەسەڵاتی دیکتاتۆر ئەنجام درا کە ئەنفال و جینۆسایدکردنی بارزانییەکان بوو، بێ جیاوازی لەنێوان گەنج و پیاوی پیر ڕاپێچی باشووری عێراق کران و لە پرۆسەیەکی بێڕەحمانەدا کۆمەڵکوژ کران، ئەرکی سەرشانی حکوومەتی عێراقە کە یارمەتیدەر بێت لە دۆزینەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی بیابانهكانی باشووری عێراق و هێنانەوەی ڕووفاتەکانیان بۆ زێدی باب و باپیران و کەمکردنەوەی ئێش و ئازاری کەسوکارەکانیان.
هیواخوازم کوردستان پارێزراو بێت لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانەی کە بە درێژایبی مێژوو بەسەر گەلەکەيدا داهاتووە، گیانی یەکڕیزی و تەبایی بکەین بە قەڵغانی پاراستنی هەرێمی کوردستان و ئەو دەستکەوتانەی کە بە خوێنی هەزاران شەهید و ڕۆڵەی ئەم خاکە هاتۆتە بوون.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٢/٧/٣١