Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆک لە ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکاندا

2023-07-31T07:33:04.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

لە ساڵیادی ئەم کارەساتەی کە دژ بە نەتەوەی کورد و مرۆڤایەتی ئەنجام درا، سەری ڕێز و وەفا بەرامبەر گڵکۆی شەهیدان و ئەنفالکراوانی بارزانییەکان و هەموو ئەو ناوچانەی کە بەر شاڵاوی بەدناوی ئەنفال کەوتوونە دادەنەوێنم، بە چاوی پڕ شکۆ و ڕێزەوە لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان دەڕوانین کە ساڵەهای ساڵە ئازار دەچێژن لە چاوەڕوانيی ئازیزانیاندا و بەرگەی دووری و بێنازیی دایکوباوک و خوشک و براکانیان گرتووە.

چل ساڵ بەر لە ئەمڕۆ تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی له‌ژێر جەور و ستەمی دڕەندەترین دەسەڵاتی دیکتاتۆرێک ئەنجام درا، ئەویش ئەنفال و جینۆسایدکردنی بارزانییەکان بوو، بێ جیاوازی لەنێوان گەنج و پیر بێبەزەییانە ڕاپێچی بیابانەکانی باشووری عێراق کران و لە پرۆسەیەکی بێڕەحمانەدا کۆمەڵکوژ و زیندەبەچاڵ کران، ئەوانەشی مانەوە لە ئۆردوگا زۆرەملێکاندا ئازار و نەهامەتییەکانی ئەو تاوانەیان چەشت.

ئەرکی سەرشانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵە کە یارمەتیدەر و هەماهەنگ بێت لەگەڵ حکوومەتی هەرێم لە دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی باشووری عێراق و ئەو شوێنانەی گومانی ئەو گۆڕانەی لێدەکرێت، بەمەبەستی هێنانەوەی ڕوفاتەکانیان بۆ زێدی باب و باپیرانیان و کەمکردنەوەی ئێش و ئازاری کەسوکاریان.

ئومێدەوارم کوردستان پارێزراو بێت لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانەی کە بە درێژایبی مێژوو بەسەر گەلەکەيدا داهاتووە، گیانی یەکڕیزی و تەبایی بکەین بە قەڵغانی پاراستنی هەرێمی کوردستان و ئەو دەستکەوتانەی کە بە خوێنی هەزاران شەهید و ڕۆڵەی ئەم خاکە هاتووه‌تە بوون.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٢٠٢٣/٧/٣١