لە ساڵیادی بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێدا کە پەنجا ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، سەری ڕێز و وەفا بۆ گیانی پاکی شەهیدان و قوربانییانی ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییەی دەستی ڕژێمی بەعس دادەنەوێنم، سڵاو لە خانەوادە و کەسوکارە سەربەرزەکانیان.
بە شکۆوە یادی ئەو دوو کارەساتە جەرگبڕەی شاری قەڵادزێ دەکەینەوە، کە یەکێکیان لە ١٩٧٤/٤/٢٤ بە چەکی قەدەغەکراو لەلایەن ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆرەوە کرایە ئامانج و شەهید و برینداربوونی سەدان کەسی بێتاوانی شارەکە و چەندین قوتابی زانکۆی سلێمانی لێکەوتەوە، کە ئەو کاتە لە شارەکەدا بوون، هەروەها لە بەرواری ١٩٨٢/٤/٢٤ جارێکی تر لە ئەنجامی یادکردنەوەی بۆردومانەکەی ساڵی ١٩٧٤ و ڕاپەڕینی خوێندکاران و جەمارەری شارەکە دژ بە زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس دووبارە هێرشی کراوەتەوە سەر و دەیان شەهید و برینداری تری لێکەوتۆتەوە.
لەم یادەدا، شاری قەڵادزێ پێویستە خزمەتی زیاتر بکرێ لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەوە، چونکە هەمیشە قوربانی دەستی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس بووە، هەروەها جگە لەم دوو تاوانە، لە چوارچێوەی شاڵاوی ئەنفالیشدا لە ساڵی ١٩٨٩ ڕژێمی بەعس تەواوی دانیشتوانی قەڵادزێ و گوندەکانی دەوروبەری گواستۆتەوە بۆ ئۆردوگاکانی سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و قەزاکەی بە تەواوی خاپوور کردووە، دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ قەزاکە دووبارە لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە ئاوەدانکراوەتەوە.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٤/٤/٢٤