شەهیدبوونی پێنج هەزار ڕۆحی بێتاوان و خەمی بێکۆتای هەزاران کەس و ئاوارەیی و دەربەدەربوونیان لەسهر ماڵ و حاڵیان، جگە لە پێناسەی جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزیی نەتەوەیەک کە نەتەوەی کوردی پێ دەگوترێ، هیچ پێناسەیەکی تر هەڵناگرێ. ڕێككهوتی ١٩٨٨/٣/١٦ ڕووی ڕاستەقینەی دڕندەترین ڕژێمی دیکتاتۆر بەرامبەر بە دنیای دەرەوە دەرکەوت و دوور لە بەها مرۆڤایەتییەکان بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەم کارەساتە تراژیدییەی ئەنجامدا.
ئەرکی سەرشانی هەموومانە ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە لەڕووی بنیادنانەوە وەکوو شارێکی پێشکەوتوو لە بواری شارستانی و خزمەتگوزارییەوە بکەین بە هەوێنی ساڕێژبوونی ئازار و زامی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان، جێگای داخە دوای ٢١ ساڵ لە ئازادکردنی عێراق لە ژێردەستەیی و زوڵم و ستەم و قڕکردنی شوواسی نەتەوەیی، هیچ پلان و هەنگاوێکی ڕاستەقینە و یاسایی نەنرابێت دژ بەو کارەساتە مرۆڤایەتییەی کە بەسەر ئەم شارەدا هاتووە!
با لەم یادە پڕ لە شکۆیەدا گیانی برایەتی و یەکڕیزی و بیروباوەڕی نیشتمانپەروەری بکەین بە دەستپێکی ئاشتبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و تەواوکردنی ئەو ئامانجەی کە خوێنمان لەپێناویدا بەخشی، کۆدەنگیمان بکەین بە حەقیقەتی خەون و لەگۆڕنانی پلانی دوژمنانمان کە هەمیشە کار دەکەن بۆ سڕینەوەی شوناس و خاک و کوردبوونمان.
دروود و سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٤/٣/١٦