لە شەستەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستاندا، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرۆک و سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایان و سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەم.
مێژووی پڕ سەروەری و قوربانیدانی مامۆستایان لە خەباتی شۆڕشگێڕیی شاخ و شاردا، گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن کە بەشدارێکی کارا بوونە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەماندا، هەروەها یەکێتيی مامۆستایان لە کاری پیشەییانەی خۆیاندا پێشەنگ بوونە بۆ ماف و خواستەکانی مامۆستایان و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی خوێندن لەپێناو بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنبیر و بەئاگا لە ئاست داخوازییەکان.
مامۆستایان هەمیشە کۆڵەگە و بناغەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردەواری بوونە، سەرەڕای هەموو ئەو بارودۆخە ناهەموارانەی کە لە قۆناغە جیاجیاکاندا بەسەر هەرێمی کوردستان دا هاتووە، بەردەوام بوونە لە خزمەتکردنیان لەپێناو پەکنەكەوتنی پرۆسەی خوێندن و برەودان بە زانست و زانیاری، بۆیە پێویستە بە بایەخەوە لە ئەرک و ماندووبوونیان بڕوانین و کاری زیاتر بکرێت بۆ خزمەتکردنیان لەپێناو باشترکردنی بارودۆخی دارایی و گوزەرانیان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٢/٥/١٥