لە شەست و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستاندا، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرۆک و مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایان و سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەم، هەمیشە لە پێشکەوتندا بن لە ئاست زانست و زانیاریدا.
مامۆستایان لە هەموو سەردەمێکدا کۆڵەگە و بناغەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردەواری بوونە، ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان گێڕاوە لە پێگەیاندنی ڕۆڵەکانی کوردستاندا، هەروەها مێژوویەکی پڕ سەروەرییان هەیە لە خەباتی شۆڕشگێڕیی شاخ و شاردا و بەشدارێکی کارا بوونە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەماندا.
سەرەڕای هەموو ئەو بارودۆخە ناهەموارانەی کە لە قۆناغە جیاجیاکاندا بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە، مامۆستایان بەردەوام بوونە لە خزمەتکردنیان لەپێناو پەکنەكەوتنی پرۆسەی خوێندن و برەودان بە زانست و زانیاری، بۆیە پێویستە بە بایەخەوە لە ئەرک و ماندووبوونیان بڕوانین و کاری زیاتر بکرێت بۆ خزمەتکردنیان لەپێناو باشترکردنی بارودۆخی ژیان و گوزەرانیان و گەشەپێدانی پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان.
دروود بۆ گیانی پاکی ئەو مامۆستایانەی کە لەپێناو ئازادی و گەیشتن بە کیانێکی سەربەخۆدا بۆ کوردستان گیانیان بەخشی.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٢٠٢٣/٥/١٥